ترەمپ هەڕەشە لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا کۆتایی بە سیستەمی وەرگرتنی پەنابەر لەڕێی تیروپشکەوە بهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها بەپێویستی دەزانێ، کە تەنیا ئەو کەسانە لە ئەمریکا وەک پەنابەر وەربگیرێن، کە لە وڵاتەکانی خۆیان رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە حکوومەت کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر دیموکراتخوازەکان لە کۆنگرێس دەنگ بە هەمواری یاسای کۆچ و پرۆژەی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک نەدەن، ئەوا ”حکوومەت دادەخەم“.
حکوومەتی ئەمریکا ساڵانە لەڕێی تیروپشکەوە، 50 هەزار کەس و خێزان لە سەرانسەری جیهانەوە وەردەگرێت و مافی مانەوەی هەمیشەییان لە وڵاتەکەی پێ دەدات.
لە سەرەتای دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی 1ـی 2017، دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دژایەتیی پەنابەران دەکات و هەوڵ دەدات دەزگای پەنابەرانی وڵاتەکەی کەمترین پەنابەر وەربگرن.
باسنیوز
