وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوە دەکات

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوە دەکات
هۆرست زیهۆفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوە دەکات لە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەگەر بێت و ناچار بکرێت هەڵوێستی دژە پەنابەری خۆی بگۆڕێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، ئەو وەزیرە تەنها سێ رۆژی خستووەتە بەردەم مێرکڵ، ئەگەر راوێژکاری ئەڵمانیا رەتیبکاتەوە یاسای پەنابەران لە ئەڵمانیا بگۆڕێت، ئەوا وەزیری ناوخۆ دەست لەکاردەکێشتەوە.

زیهۆفەر، لەبارەی هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە یاسای پەنابەران گوتی: "لەبەر بەرژەوەندی ئەڵمانیا و تواناکانی حکوومەت، ئێمە دەمانەوێت رێککەوتنێك بکەین لەسەر دوورخستنەوەی پەنابەران لە سنوورەکانی وڵات".

گوتیشی: "دوای گفتوگۆ سەبارەت بەمەش، بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدەم".

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەڵمانیەکە، وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە تەنها یەکجاری دیکە لەگەڵ مێرکڵ دابنیشێت و باس لە گۆڕانکاری لە یاسای پەنابەران بکات، ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن ئەوا دەست لەکاردەکێشێتەوە.

لە ساڵی 2014، مێرکڵ، دەرگای بەسەر پەنابەراندا کردەوە، بەڵام بەهۆی زۆر بوونی پەنابەران لە ئەڵمانیا و ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاواز لەلایەن بەشێك لە پەنابەرانەوە، ئێستا هەم بەشێك لە سیاسییەکان و هەمیش زۆرێك لە هاووڵاتییان نیگەرانن و دەیانەوێت وڵاتەکەیان رێکاری توندتر بگرێتەبەر بەرامبەر بەو پەنابەرانەی لە ئەڵمانیان و ئەوانەشی پلانیان هەیە کۆچ بۆ ئەو وڵاتە بکەن.








K24
Top