ژمارەی قوربانییانی مەدەنیی دەرعا بەرز دەبێتەوە

 ژمارەی قوربانییانی مەدەنیی دەرعا بەرز دەبێتەوە
ژمارەی قوربانییانی مەدەنیی شاری دەرعا لە باشووری رۆژئاوای سووریا بەرز دەبێتەوە.



میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی شاری دەرعا.



سەرچاوە تەندروستییەکان رایانگەیاندووە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 60 هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی بۆردومانەکانەوە گیانیان لەدەست داوە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.



بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، سوپای رژێمی سووریا لە رۆژی 19/6/2018ـەوە بەردەوامە لە تۆپبارانکردن و هێرشکردنە سەر گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دەرعا.



لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، رژێمی سووریا بە هاوکاریی سوپای رووسیا و میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی و ئێرانییەکان، بەردەوام ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆردومان دەکات.



لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنیوز
Top