یواخیم لۆف و لویز فیلیپ سکۆلاری سێکسکردن لە یاریزانەکانیان قەدەخە دەکەن

یواخیم لۆف و لویز فیلیپ سکۆلاری سێکسکردن لە یاریزانەکانیان قەدەخە دەکەن


پێش دەستپێکردنی هەموو مۆندیالێک، گفتوگۆکان لەبارەی قەدەخەکردنی سیکسکردن یان رێگەپێدانی یاریزانەکانی مۆندیال دێتە بەرباس، تاکو ئێستا دوو رای جیاواز هەن.
پێش ئەوەی مۆندیالی 2018 دەستپێبکات رۆماریۆی ئەفسانەی بڕازیلی داوای لە گابریێل خیسۆسی هێرشبەری لاوی هەڵبژاردەکەی کرد پێش دەستپێکردنی مۆندیال زۆرترین سیکس بکات و خۆی خاڵی بکاتەوە، ئەو ئەفسانە بڕازیلییە پێیوایە سیکسکردن خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ ئەوەی یاریزان لە یارییەکان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.

لە کاتی مانەوەیان لە کەمپەکانیان، هەر راهێنەرێک یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە یواخیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە کاتی بەشداریکردنیان لە مۆندیال سیکسکردنی لە یاریزانەکانی قەدەخەکردووە، تەنانەت بەبێ وەرگرتنی رێگەپێدان بۆیان نییە هاوسەرەکانیان تەنانەت منداڵەکانیشیان ببینن، راهێنەرە ئەڵمانییەکە بەکارهێنانی سۆشیال میدیاشی لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکەی قەدەخەکردووە.

لویز فیلیپ سکۆلاریش لە مۆندیالی 2002 کاتێک راهێنەرایەتی بڕازیلی دەکرد، سیکسردنی لە یاریزانەکانی سێلیساو قەدەخەکرد و رێگای نەدەدا خۆشەویست یان هاوسەری یاریزانەکان سەردانی کەمپی هەڵبژاردەکە بکەن، چونکە پێیوابوو ئەگەر یاریزانێک 50 رۆژ لە سیکس بەدوور بێت خۆ نامرێت، لە کۆتاییدا بڕازیل نازناوی مۆندیالەکەی لەگەڵ سکۆلاری بەدەستهێنا.

لە مۆندیالی 1958یش بەهەمان شێوە یاریزانانی بڕازیل لە کچە سوێدییەکان دوورخرانەوە، تەنانەت فیدراسیۆنی تۆپی پێی بڕازیل داوای کرد ئەو 28 کچەی لە هۆتێلی شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکەیان کار دەکەن بگۆڕدرێن و بکرێنە پیاو و لە کۆتایی مۆندیالەکە سامبا بە سەرکردایەتی پێلێ بووە پاڵەوانی مۆندیالەکە.

یاریزانە بڕازیلییەکانیان بە مانەوەیان لە یانە شەوانەکان و رابواردنیان لەگەڵ کچان بەناوبانگن، یاریزانێکی وەکو رۆماریۆ پێیوایە نابێت لە کاتی مۆندیال سیکسکردن لە یاریزانان قەدەخە بکرێت، رۆماریۆ دەڵێت جاری واهەبووە چوار کاتژمێڕ پێش یاریی سیکسم کردووە و لە یارییەکە ئاستێکی بەرزم پێشکەش کردووە.

بەشێک لە پزیشکان پێیانوایە یاریزانەکان نابێت لە کاتی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکی گەورە سیکس بکەن و پێیانوایە ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر توانای جەستەی یاریزانەکان دەبێت، بەڵام بەشێکی دیکەیان رایەکی جیاوازیان هەیە و رایان وایە سیکسکردن دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەکان بە ئینێرجی و تامەزرۆییەکی زیاترەوە بەشداریی یارییەکان بکەن.

k24-
Top