ترەمپ و پوتین لە وڵاتی سێیەم کۆ دەبنەوە
رۆژی چوارشەممە 27/6/2018، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، کۆشکی کرملین (کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە وڵاتی سێیەم کۆ دەبنەوە.
بەهۆی قەیرانی سووریا، کێشەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و دەستوەردانی رووسیا لە کاروباری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 2016، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا گەیشتووەتە خراپترین ئاست لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد لە نێوانیان لە 1991.
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بووە، تا ئێستا تەنیا لە پەراوێزی چەند کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی چاوی بە ڤلادیمێر پوتن کەوتووە.
چاودێرانی رووسی و ئەمریکی پێیان وایە کۆبوونەوەکەی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و رووسیا لە هێڵسینکیی پایتەختی فینلەندا یاخود ڤیەننای پایتەختی نەمسا، ساز دەکرێت.
باسنیوز
