سەرۆک کۆمار ئێران: هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپ ترسێنەرە
رۆژی سێشەممە 26/6/2018، لە وتەیەکدا، کە کەناڵە فەرمییەکانی ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەخشیان کرد، حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئێرانییەکان چۆک بۆ گوشارەکانی ئەمریکادا نادەن و ”بەرگریی لە سەربەخۆیی و بەهاکانیان دەکەن“.
حەسەن رۆحانی رەخنەی لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1 گرتووە و رایگەیاندووە، هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپی سەۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە ”ترسێنەرە و نایاساییە و زیانی بە ناوبانگی ئەمریکا گەیاندووە“.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش داوە، کە وڵاتەکەی مافی خۆیەتی و پارێزگاریی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتی دەکات.
شەوی سێشەممە 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
