سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی شەڕ لەنزیک سنووری ئیسرائیل دەکات
ستیڤان دۆگاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرسی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، گۆتێرس لە هێرش و شەڕەکانی باشووری رۆژئاوای سووریا لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل، نیگەرانە و پێی وایە مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.
ستیڤان دۆگاریک هەروەها رایگەیاندووە، هێرشی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سووریا بۆ سەر گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کە جگە لە کوژرانی خەڵکی ناوجەکە، دەبنە هۆی ئاوارەبوونی خەڵک و چوونیان بەرەو ئوردن.
چەندین میلیشیای سەر بە حزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاڵپشتیی لە رژێمی سووریا، لە باشووری دیمەشق (باشووری رۆژئاوای سووریا) بڵاو بوونەتەوە.
لە مانگی ئاداری2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
