ئەمڕۆ 20ی مانگی جوئەن (حوزەیرانی) ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە
لە سەرتاسەری دونیادا شەڕ و تێکهەڵچوون و ماڵوێرانی، دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵک، زێد و ماڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و بۆ ژیانێکی باشتر ڕوو لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئەورووپا و ئەمریکا بکەن، یان لە وڵاتانی دراوسێی خۆیان ئاوارە بوون.
بەپێی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەران وڵاتانی "ئەفغانستان، کۆلۆمبیا، کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ، میانمار، سۆماڵ، سوودان، سووریا، عێراق و ئێران و ئەفریقیا و یەمەن ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین شەڕ و پشێویان تێدا بووە و خاوەنی زۆرترین پەنابەران لە ئاستی جیهاندا.
سووریا کە ماوەی نزیکەی 8 ساڵە شەڕی ناوخۆیی تیدایە بەرهەمهێنەری زۆرترین پەنابەر و ئاوارەیە و زیاتر لە 6 ملیۆن خەڵکەکەی لە وڵاتانی ئەرووپی و ئەمریکا بوونەتە پەنابەر و یان لە ولاتانی درواسێ ئاوارەن.
بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵانە بڵاو دەبێتەوە، ئامار و داتاکانی پەیوەندیدار بە پەنابەران بۆ پێنجەمین ساڵ ڕوو لە زیادبوونە و هەتا کۆتایی ساڵی 2017 ڕێژەی پەنابەران لە ئاستی دنیادا گەیشتووەتە 68.5 ملیۆن کەس.
ئازار و ئەشکەنجە و شەڕ و توندوتیژی هۆکارە سەرەکییەکانی ئاوارەیی و پەنابەرین. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە 40 ملیۆن لەو ڕێژەیە وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێشتووە، بەڵکوو لەناو وڵاتەکەیاندا ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە دوو لەسەر سێی پەنابەران لە پێنج وڵاتی دنیاوەن، زیاتر لە شەش ملیۆن لە سووریا، دوو ملیۆن و 600 هەزار لە ئەفغانستان، نزیکەی دوو ملیۆن و نیو لە سوودانی باشوور یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە میانمار و نزیکەی 990 هەزار کەسیش خەڵکی سۆماڵیا.
لە هەر چوار بەشی کوردستانیش کە لەژێر دەستی چوار وڵاتی داگیرکەر دایە بە سەدان هەزار هاونیشتمانیی کورد بەهۆی شەڕ و جەنگ و توندوتیژییەوە کوردستانیان بەجێ هێشتووە و لە وڵاتانی ئەورووپی نیشتەجێ و پەنابەرن.
باسنیوز
