هایلی: ئەمەریكا لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ كشاوەتەوە

هایلی: ئەمەریكا لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ كشاوەتەوە
نوێنەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، وڵاتەكەی لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كشاوەتەوە.

بەپێی رۆیتەرز، نیكی هایلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "ئەمەریكا لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كشاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هیچ وڵاتێكی دیكەی ئەنجومەنەكە ئامادە نەبوون ئازا بن و بەشدار بن لە شەڕەكەماندا لە پێناو چاكسازی لەو ئەنجومەنە دووڕوو و خۆپەرستەدا".

هایلی ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەم كارەی ئێمە، دەمەوێت بەتەواوەتی ڕوونی بكەمەوە كە ئەم هەنگاوە گەڕانەوە نیە لە پابەندبوونمان بە مافەكانی مرۆڤەوە".

هاوكات بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وەكو كاردانەوەیەك بۆ ئەم بڕیارەی ئەمەریكا رایگەیاندووە، "بەداخەوە".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەشی بەوەكردووە، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجومەنەكە هێشتا جێگیرە.

جۆنسن لە راگەیەندراوێكدا وتی، "ئەو راستیەمان نەشاردەوە كە بەڕیتانیا دەیەوێت چاكسازی لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤدا بكرێت، بەڵام ئێمە پابەندین بە كاركردنەوە بۆ بەهێزكردنی ئەنجومەنەكە لە ناوەوە".





خەندان
Top