تورکیا.. 30 هەزار ئاوارەی سووری بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەن
بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەو 30 هەزار ئاوارە سوورییە رەگەزنامەی تورکیایان وەرگرتووە و وەک هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە، بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا دەکەن.
بڕیارە رۆژی 24/6/2018، لە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا ئەنجام بدرێت، کە تێیدا پێنج ژن و پیاو رکابەریی ئەردۆغان دەکەن.
پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا رەگەزنامەی وڵاتەکەی بەو ئاوارە سوورییانە بەخشی بوو، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە ئاوارەی تورکیا ببوون.
ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دایەتیی پرسی بەخشینی رەگەزنا،مەی وڵاتەکەی بە ئاوارەکان کردبوو و پێی وابوو رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، رەگەزنامەی بەو کەسانە بەخشییە.
لە مانگی ئاداری2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
ناوی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا:
- رەجەب تەییب ئەردۆغان، کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)
- سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)
- موحەڕڕەم ئینجە، کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
- خاتوو مەڕال ئاکشنەر، کاندیدی(پارتی باش)
- تەمەل کەڕەمەڵڵائۆغڵو، کاندیدی (پارتی سەعادەت)
- دۆغو پەرینچەک، کاندیدی (پارتی نیشتیمان)
باسنيوز
