ئەمەریكا و كۆریای باشور راگرتنی مانۆڕە سەربازییەكانیان رادەگەیەنن

ئەمەریكا و كۆریای باشور راگرتنی مانۆڕە سەربازییەكانیان رادەگەیەنن
دەزگای هەواڵی یۆنهابی كۆریای باشور بڵاویكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆریای باشوور بەنیازن لەم هەفتەیەدا راگرتنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكانی نێوانیان رابگەیەنن، بەمەرجی ئەوەی ئەگەر كۆریای باكوور بەڵێنەكانی نەباتە سەر سەبارەت بە نەهێشتنی چەكە ئەتۆمییەكانی ئەوا ئەو مانۆڕە سەربازییانە دەست پێبكەنەوە.

دەزگاكە لە سەرچاوەیەكی حكومەتی كۆریای باشورەوە رایگەیاندووە، راگرتنەكە تەنها كاریگەری لەسەر مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكان دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكی هەبێت لەسەر مەشقە سەربازییە ڕۆتینییەكان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكور هەموو بەرپرسانی واشنتۆن و سیئۆلی تووشی سەرسوڕمان كرد كاتێك بەڵێنیدا مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و كۆریای باشوور رابگرێت.

هێزەكانی ئەمەریكا لە كۆریا دوای راگەیاندنەكەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختەیان پێنەدراوە سەبارەت بە راگرتنەكە و بەرپرسانی كۆریای باشووریش وتیان هەوڵدەدەن ئەو مەشقانە بزانن كە ترەمپ مەبەستی بووە لە لێدوانەكانیدا.

بەڵام وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە سیئۆل هێشتا ئامادە نەبووە بۆ وەستاندنی مەشقەكان، مون جەی ئین، سەرۆكی كۆریای باشوور پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، حكومەتەكەی دەبێت توند بێت سەبارەت بە فشارە سەربازییەكان بۆ سەر كۆریای باكوور، ئەگەر ئەو وڵاتە ڕاستگۆ نەبێت سەبارەت بە نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی.










خەندان
Top