شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و تاڵیبان روویدا و سەرۆکی شارەوانیی کووهستان کوژرا

شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و تاڵیبان روویدا و سەرۆکی شارەوانیی کووهستان کوژرا
بە گوتەی بەرپرسانی فەرمیی ئەفغانستان، پاش کشانەوەی تاکتیکیی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بۆ پێشگیری لە کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی، گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان شاری کووهستانی کۆنترۆڵ کردووە.



جاوید بیدار گوتەبێژی پارێزگاری (فاریاب) لەمبارەوە بە پێگەی هەواڵی (ئۆفۆق)ی ڕاگەیاندووە پاش کۆنترۆڵککردنی ئەو شارە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، ئێستا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و تاڵیبان بەردەوامە و سەرۆکی شارەوانیی کووهستان کوژراوە.



بەپێی هەمان سەرچاوە لەو شەڕ و پێکدادانەدا تاڵیبان خەسار و زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە، بەڵام هێشتا ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە.



پێشتر حامید کەرزای سەرکۆماری ئەفغانستان داوای کردبوو هەتا ڕۆژی پێنجەمی جەژنی ڕەمەزان ئاگربەست ڕابگیرێت، هاوکات تاڵیبانیش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو.



لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تەقینەوە و توندوتیژی و لە شارە جیاجیاکنی ئەفغانستان، ئاسایشی ئەو وڵاتەی خستووەتە مەترسییەوە و شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە و گرووپی تاڵیبان بووەتە هۆی ئەوەی چەند شار و شارۆچیەکەی بکەونە ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە.




باسنیوز
Top