ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌ی ئێف 35 ده‌داته‌ توركیا

ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌ی ئێف 35 ده‌داته‌ توركیا
وێڕای درووستبوونی ناکۆکی لە نێوان ئەمریکا و تورکیا لەبارەی فرۆشتنی فڕۆکەی جه‌نگی ئێف-35، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌ رایده‌گه‌یه‌نێـ، 21ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ، یەکەم فڕۆكه‌ی له‌و جۆره‌ دەگاتە دەست تورکیا.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی سپوتنیکی رووسی، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە لێدوانێکدا گوتوویه‌تی: "ئێمە بە ئەمریکییەکانمان گوت وەڵامی هەڕەشە بە باشی نادەینەوە، ئێمە لەبارەی فڕۆکەی ئێف-35، رێکكەوتنمان هەیە، 21ی حوزەیران یەکەم فڕۆکە دەگوازرێتەوە".

مانگی ئادار/ مارسی رابردوو، لێژنەی به‌رگری له‌ کۆنگرێسی ئەمریکا تایبەت بە خزمەتگوزاری چەک، تورکیای لە لیستی کڕیارانی فڕۆکەی ئێف-35 دوورخستەوە بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە هەوڵی کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی ئێس-400 رووسی داوە، كه‌ ئه‌ندامی رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆیه‌).

فڕۆکەی ئێف-35، بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن ئەمریکاوە خەرجییەکانی تەرخان دەکرێت، بەڵام له‌ درووستكردنه‌كه‌یدا هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، نەرویج، دانیمارک، هۆڵەندا و تورکیا هەماهەنگی ئەمریکایان کردووه‌.

ئه‌گه‌رچی تێچووی توێژینه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌كان، تا گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامی كۆتایی بۆ درووستكردنی فڕۆكه‌كه‌، گه‌یشته‌ 406 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ڵام نرخی هەر فڕۆکەیەکی ئێف-35 لە ئێستادا، 94.6 ملیۆن دۆلارە و بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 2018 لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەکارهاتووە.

تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەی ئێف-35:

- توانای دەستنیشانکردنی دوژمنەکانی بە تەواوی هەیە و رادارەکانیان دەشێوێنێت.

- لەناو راداردا دەرناکەوێت، بەمەش دەتوانێت ئامانجە دووره‌کانی بپێکێت، بێ ئەوەی هەست بە بوونی بکرێت.

- چەک و سێنسەر و وەرگری زانیاری پێشکەوتووتری هەیە لە فڕۆکە جەنگییەکانی پێش خۆی.

- خێراییه‌كه‌ی نزیکەی 2 هەزار كیلۆمه‌تر ده‌بێت له‌ كاتژمێرێكدا.






K24 -
Top