کیم جۆنگ ئون سێ فەرماندەی باڵا لەکارەکانیان دوور دەخاتەوە

 کیم جۆنگ ئون سێ فەرماندەی باڵا لەکارەکانیان دوور دەخاتەوە
سەرۆکی کۆریای باکوور سێ فەرماندەی باڵای وڵاتەکەی لەکارەکانیان دوور دەخاتەوە.



بەرپرسێکی باڵای کۆریای باکوور بە بێ ناوهێنیانیان، بە ئاژانسی (یونهاب)ی کۆریای باشووری راگەیاندووە، کە ئەو سێ فەرماندەیە لە هەرە گەورەترین فەرماندە سەربازییەکان و خاوەن بڕیار لە کۆریای باکوور، بوون.



ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەناو فەرماندەکانی سوپا، دوو بیرکردنەوەی جیاواز سەبارەت بە کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی وڵاتەکەیان و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دروست بوو.



ئەو فەرماندە سەربازییانەی کۆریای باکوور، کە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، دژایەتیی کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ دەکەن و پێیان وایە نابێ وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا رێک بکەوێ.



هەرچەندە ئەو بەرپرسە ناوی فەرماندە دوورخراوەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاژانسی یونهاب ناو و پۆستی ئەو بەرپرسانەی بڵاو کردووەتەوە، کە بریتین لە؛



- باک یونگ سیک، وەزیری بەرگری

- ری میونگ سو، سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باکوور

- کیم جۆنگ جاک، بەڕێوەبەری مەکتەب سیاسیی سوپای میللی کۆریای باکوور



بەشێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەی دوور خستنەوەی ئەو فەرماندانە دەکەن، کە بریتییە لەوەی، کیم جۆنگ ئون ترسی هەیە لەوەی لەوکاتەی لە کۆبوونەوەیە لەگەڵ ترەمپ، ئەو فەرماندانە کودەتای سەربازی بەسەردا بکەن.



بڕیارە رۆژی 12/6/2018 کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوورر و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافوورە لە باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، کۆ ببنەوە.



بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.



لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.



رژێمی کۆریای باکوور، کە ئێستا کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی دەکات، گوێڕایەلی هیچ یاسا و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نابێ و بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکی و مووشەکە دوور هاوێژەکانی، بەهۆی ئەو بەردەوامبوونەشی، دەیان گەمارۆی سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە خراوەتە سەر.




باسنیوز
Top