جەنەڕالێکی کۆریای باکوور سەردانی واشنتن دەکات

 جەنەڕالێکی کۆریای باکوور سەردانی واشنتن دەکات
سەنەڕالێکی کۆریای باکوور سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەردوو وڵات دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، رۆژی چوارشەممە 30/5/2018، جەنەڕال کیم یونگ شول، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای کۆریای باکوور لەڕێی فڕۆکەخانەی پەککین لە چینەوە بەرەو واشنتن بەڕێ کەوت.

بڕیارە کیم یونگ شول لەگەڵ مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ ببێتەوە و تاوتووێی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بکەن.

ئەو سەردانەی ئەو جەنەڕالەی کۆریای باکوور، یەکەم سەردانی بەرپرسێکی ئەو وڵاتەیە بۆ ئەمریکا.

بڕیارە رۆژی 12/6/2018 کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ لە سەنگافوورە لە باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، کۆ ببنەوە.

بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.

لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.

رژێمی کۆریای باکوور، کە ئێستا کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی دەکات، گوێڕایەلی هیچ یاسا و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نابێ و بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکی و مووشەکە دوور هاوێژەکانی، بەهۆی ئەو بەردەوامبوونەشی، دەیان گەمارۆی سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە خراوەتە سەر.










باسنيوز
Top