هه‌واڵگریی ئێران شوێنى ئه‌بو به‌كر به‌غدادى ئاشكرا ده‌كات
سهرچاوهفهرمییهكان به ڕۆژنامه‌ى «زه ئێكسپرێس تربیۆن»ى پاكستانیان ڕاگه‌یاندووه: "به‌رپرسێكى باڵاى ئێرانى، به شاندێكى باڵاى پاكستان به‌سه‌رۆكایه‌تی «عه‌شتار ئۆساف» داواكاریی گشتیی ڕاگه‌یاندووه، كه ئێران زانیاریی هه‌واڵگریی باوه‌ڕپێكراوى هه‌یه، ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، ئه‌مریكا چه‌كدارانى داعش و «ئه‌بو به‌كر به‌غدادی»، سه‌رۆكى ئه‌و ڕێكخراوه توندڕه‌وه‌یان بۆ ئه‌فغانستان گواستووه‌ته‌وه".
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، كه به‌رپرسه بالا ئێرانییه‌كه جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له‌وه‌ى، ئه‌مریكا و ئیسرائیل ده‌یانه‌وێت پاكستان و ئێران بكه‌ن به عێراق و سووریا و لیبیا و ئه‌فغانستان.
ڕوونیش كراوه‌ته‌وه، كه شانده‌كه له‌سه‌ر بانگهێشتى «محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر مونته‌زرى» داواكارى گشتیی ئێران، پێش دوو هه‌فته سه‌باره‌ت بهتاوتوێكردنى چه‌ند پرسێكى نێوان هه‌ردوو وڵات، سه‌ردانى تارانی كرد.
ڕۆژنامه‌كه باسى له‌وه‌ش كردووه، كه شاره‌زایانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى پاكستان، به‌گرنگییه‌وه له په‌یامه‌كه‌ى ئێران ده‌ڕوانن، هه‌روه‌ها هاتووه: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى پاكستان گومانى زۆرى له بوونى داعش له ئه‌فغانستان هه‌بوو، هاوكات ڕووسیا و تاجیكستان مه‌ترسى خۆیان له پاڵپشتیكردنى داعش له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، خستووه‌ته‌ڕوو".
له‌و باره‌یه‌وه، باڵیۆزی تاجیكستان له پاكستان، نیگه‌رانى خۆى له باره‌ى بوونى چه‌كدارانى داعش له ئه‌فغانستان ڕاگه‌یاندووه و گوتوویه‌تى: "بوونیان مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه به‌گشتیی".
باسنيوز
