ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی وڵاتێکی ئیسلامی بۆردومان کرد
رۆژی شەممە 26/5/2018، ماڵپەڕی (سکای نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکی لە شاری حمس لە سووریا بڵاوی کردووەتەوە، بۆردومانەکە شەوی پێنجشەممە 24/5/2018 کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی زەبعە لە گوندەوارەکانی حمس.
بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، بەهۆی بۆردومانەکەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەنجامیان دا، 21 چەکداری میلیشیاکانی حزبوڵڵا و ئێرانی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
ئەو فڕۆکەخانە سەربازییە لەلایەن میلیشیا و هێزە ئێرانییەکان بەکار دەهات و چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنی لەخۆ گرتووە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری، هاوکاریی رژێمی سووریا دژی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
