مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران
ئەو مەرجانەی ئەمریکا لە ئێران دوای ئەوە دێت، کە شەوی سێشەممە 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ ۆکرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
رۆژی دووشەممە 21/5/2018، مایک پۆمپیۆ، مەرجەکانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە 12 مەرج.
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران:
- ئاشکراکردنی هەموو زانیارییەکان سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکان بۆ ئاژانسی وزەی ناوکیی نێودەوڵەتیی.
- راگرتنی هەموو چالاکییەکانی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەم نەهێنانی بلۆتۆنیۆم و داخستنی بنکەکانی ئاوی قورس (ئاراک).
- رێگادان بە پسپۆڕانی ئاژانسی وزەی ناوکیی نێوەدەوڵەتی بۆ چوون بۆ هەر بنکەیەکی ناوکیی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە بڵاوکردنەوەی مووشەکە بالیستییەکان (کیشوەربڕەکان) و ئەو مووشەکانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە.
- ئازادکردنی هەموو دەستگیرکراوە ئەمریکییەکان و ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی ئەمریکان، کە لە ئێران دەستگیر کراون.
- کۆتایی هێنان بە پاڵپشتیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک حزبوڵڵای لوبنانی، حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی.
- رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق رێگادان بە لێسەندنەوەی چەک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
- راگرتنی پاڵپشتیی میلیشیای حوسییەکانی یەمەن و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە بەڕێگای سیاسی.
- کشاندنەوەی هەموو میلیشیا و هێزە ئێرانییەکان لە سووریا.
- کۆتاییهێنان بە پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستی تاڵیبانی ئەفغانستان و دابین نەکردنی پەناگە بۆ سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە.
- کۆتاییهێنان بە پاڵپشتیی سوپای قودسی ئێرانی بۆ تیرۆریستەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
- راگرتنی هەڕەشەکردن لە وڵاتە دراوسێکانی، بەتایبەت ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات و راگرتنی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و هەڕەشەنەکردن لە گەشتە دەریاییەکان.
باسنیوز
