ئێران: هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ ناچارمان بکات سووریا بەجێ بهێڵین
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 2018/5/21 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسەدا کە بەرپرسانی ڕووسیا ڕایان گەیاندووە کە دەبێ هێزە دەرەکییەکان لە سووریا بکشێنەوە و ئایا ئەگەری هەیە ڕووسیا ئێران ناچار بکات، سووریا بەجێ بهێڵێت، گوتی: "کەس بۆی نییە ئێران ناچار بە هیچ کارێک بکات. ئێران وڵاتێکی سەربەخۆیە کە سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی لە ناوچە و جیهان دیاری دەکات".
بەهرام قاسمی ئاماژەی بەوەش کرد: "بوونی ئێران لە سووریا لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی ئەو وڵاتەیە و ئامانجی سەرەکیی ئێمەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و سەرکوتی تیرۆریزمە لەو وڵاتە، بە جۆرێک کە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بپارێزرێت و هەتا ئەوکاتەی پێویست بکات و مەترسیی تیرۆر لە ناوچەکە هەبێت و دەوڵەتی سووریا داوا لە ئیران بکا کە یارمەتیی بدات، ئێران درێژە بە یارمەتییەکانی لە سووریا دەدات".
ئێران بە یەکێک لە هاوپەیمان و پشتیوانانی حکوومەتی بەشار ئەسەدە و لە کاتی سەرەهەڵدانی ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011، ئێران بە فەرمی بە چەندین گرووپی میلیشیایی شیعەی وەک "سوپای قودس، فاتمیوون و زەینەبیوون" چوونە ناو ئەو وڵاتە و هەتا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار چەکداری ئێرانی لەو وڵاتە کوژراون و بە گوتەی سەرچوەکانی ئێران، ساڵانە ئێران زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لەو وڵاتە خەرج دەکات.
باسنيوز
