فەرماندەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق: كاتی ئەوە هاتووە عێراقییە نیشتمانپارێزەكان وڵاتی خۆیان بنیات بنێن.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی، ئەمریكا دەیەوێ بە هاوكاریی میلیشیا شیعەكانی عێراق كە سەردەمانێك دوژمنی ئەمریكا بوون، رێ لە سەرهەڵدانەوەی چەكدارانی داعش بگرن، ئەو هەوڵەش لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دەیەوێ گوشارەكان لەسەر سەر ئێران زیاد بكات. پێنتاگۆنیش دەیەوێ ئەو جۆرە هاوكارییە سەربازییانە بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزە شیعانە لە ئێران بەكاربهێنێ.
ژەنەراڵ پۆڵ فانك، فەرماندەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا، بە (نیویۆرك تایمز)ی راگەیاند "كاتی ئەوە هاتووە عێراقییە نیشتمانپارێزەكان وڵاتی خۆیان بنیات بنێن. ئێستا دەرفەتی ئەوە دروستبووە، ئێمەش ئەوەی لەدەستمان بێ دەیكەین تاوەكو ئەوەی پێویستیان پێیەتی بۆیان دابین بكەین". ساڵی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا 3.6 ملیار دۆلاری تەرخان كرد بۆ راهێنان و پڕچەككردنی هێزە ئەمنییەكان، بەتایبەتیش ئەو هێزانەی لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدان.
فۆكەسی هاوكارییەكان لەسەر هێزەكانی پاسەوانی سنووری نێوان عێراق و سووریایە كە فەرماندەكانی سوپای عێراق و ئەمریكا، نیگەرانی سەرهەڵدانەوەی داعشن لەو ناوچەیە. ئەمە هەمان ئەو شوێنەشە كە ئێران وەكو بەشێكی سەرەكی لە كۆریدەری شیعی دەیبینێ.
پێش سەرهەڵدانی داعش و پێكهێنانی هێزەكانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی هیچ هاوئاهەنگییەك لە نێوان هێزەكانی ئەمریكا و میلیشیا شیعەكانی عێراقدا نەبوو، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەكە "ئێستا ژمارەیەك لە كاریگەرترین فەرماندەكانی میلیشیاكان راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكییەكاندا كاردەكەن و تەنانەت داوای ئامادەگیی بەردەوامی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن".
هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە "هەموومان لە رابردوودا هەڵەمان كردووە، بە ئەمریكییەكانیشەوە. ئێستا پێویستمان بە هاوكاری ئەوانە، ناكرێ رێگە بدەین وڵاتەكەمان ببێتە مەیدانی تەراتێنی هێزەكانی دیكە و ئەجێنداكانیان". عامری لە هەڵبژاردنەكانی رۆژی شەممەی رابردووی عێراقدا سەرۆكایەتی لیستی فەتحی دەكرد كە بە لیستی گروپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ناسراوە.
تاوەكو ئێستا هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی مەشقی بە شەش فیرقەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور و شەش فیرقەی پۆلیسی فیدراڵی و هێزی پۆلیسی بەغدا كردووە. لە ناوچە هەستیارە ئەمنییەكانی عێراقیش هاوكاری و هاوبەشی نێوان هێزە ئەمریكییەكان و ئەو هێزە عێراقییانە چڕوپڕ بوونەتەوە. لە مووسڵ هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا زانیاری هەواڵگری پێشكەش بە دژەتیرۆری عێراق دەكات، لە ناوچە سنوورییەكانیش ئەمریكا و هاوپەیمانان زانیاری هەواڵگری و تەكنەلۆژیا و تەكتیكی پەیوەندیی نوێیان پێشكەش بە هێزە عێراقییەكان كردووە.
ئەم سیاسەتە نوێیەی سوپای ئەمریكا رەخنەگری خۆیشی هەیە، لەسەر ئەنجامە درێژخایەنەكانی هۆشداری دەدەن. مایكڵ پرێگنت كە فەرماندەیەكی خانەنشینكراوی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریكییە، لە دیمانەیەكی (نیویۆرك تایمز)دا دەڵێت "ئەم سیاسەتە گەمژانەیە. ئەمریكییەكان لەگەڵ مولازمێكی قاسم سولەیمانیدا دابنیشن و رێگە بدەن راستەوخۆ دەستی بە زانیاری، چەك و كەرستەی سەربازیی ئەمریكی رابگا". ساڵی 2007 ژەنەراڵ پێترایۆس، فەرماندەی ئەوكاتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، عامری بە داردەستی سولەیمانی ناوبرد.
بەڵام هەندێ لە فەرماندە كۆنەكانی سوپای ئەمریكا پێیانوایە واشنتن هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەست نییە، چونكە دواجار ئەمریكا ناچارە لەگەڵ هێزەكانی ناو گۆڕەپانەكە مامەڵە بكات، بۆیەش دۆگلاس ئۆلیڤانت، راوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "ساتەوەختی وا دێتەپێش كە ئەمریكا ناچارە لەگەڵ ئەو هێزانەدا كار بكات كە پێشتر لە بەرەی بەرامبەری شەڕەكە بوون".
ئێران دەستێكی باڵای لە سیاسەتی عێراقدا هەیە، كۆبوونەوەی میلیشیا شیعەكان لەژێر چەتری حەشدی شەعبی لە چوار ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی تارانی لە عێراق قووڵتر كردووەتەوە. رێكخراوی بەدر و باڵە سەربازییەكانی پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ ئێراندا هەیە و لە ساڵانی سەرەتای ئازادكردنی عێراقدا دژی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بوون.
یەكێك لەو سەركردە شیعانەی كە ئێستا باسی ئەوە دەكا هەڵوێستی بەرامبەر هێزە ئەمریكییەكان گۆڕاوە قەیس خەزعەلییە، كە لە ساڵی 2004ەوە لە هێزەكانی موقتەدا سەدر جیابووەتەوە و لە 2006ەوە عەسایب ئەهلی هەقی دامەزراندووە. خەزعەلی لە 2007ەوە بۆ 2010 لە گرتووخانەی ئەمریكی و بەریتانییەكان بووە، بە تۆمەتی ئەوەی دەستی لە كوژرانی پێنج سەربازی ئەمریكیدا هەبووە.
بەمدواییە خەزعەلی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا راگەیاندووە ئەو پشتگیری لە مانەوەی ژمارەیەكی سنووردار لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكات. هێزەكانی خەزعەلی لە سووریا لەپاڵ میلیشیا شیعەكانی دیكەی سەر بە ئێران پاڵپشتی لە مانەوەی حكومەتی دیمەشق دەكەن. لە كۆمەڵێك گرتەی ڤیدیۆییشدا خەزعەلی لە تەنیشت فەرماندەكانی حیزبوڵڵای لوبنان لە نزیك سنووری ئیسرائیل وێنەی گیراوە.
حكومەتی داهاتووی عێراق كێشەی دیاریكردنی چارەنووس و ئەركی هێزەكانی حەشد لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقی لەسەر شان دەبێ. كەسانی وەكو هادی عامری دەتوانن رۆڵی سەرەكییان لەو پرۆسەیەدا هەبێ و ئەمریكاش گرەوی لەسەر كردووە. بەڵام مایكڵ نایتس، لێكۆڵەر لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن، بە (نیویۆرك تایمز) دەڵێ: "عامری كێیە؟ وەفادارییەكەی بۆ عێراق زیاترە یان بۆ ئێران؟ ئەمە پرسیارە سەرەكییەكەیە، بەڵام لەوانەیە كاتێك وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەستبكەوێ كە درەنگ بووبێ".
رووداو
