ئەمریکا: لەبارەی ئێران گەڕێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەورووپییەکان دەست پێ دەکەین
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) هێزەر نائۆرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک گوتی: "مایک پۆمپیۆ" لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ "ژان ئیۆ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و "هایکۆ ماس" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران گەڕێکی نوێی دیپلۆماسی و دانوستان دەست پێ دەکات.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمریکادا هاتووە: "مایک پۆمپیۆ لەو دانوستانانەدا بە جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئەورووپا و پێشگیری لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە پڕ مەترسی و ناسەقامگیرەکانی ئێران لە ناوچەکە، کار دەکات".
ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە حاڵێکدا بڵاو کراوەتەوە کە محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەروەی ئێرانیش، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پاش دیدار لەگەڵ هاوتا چینی و ڕووسیەکەی، دوێنێ دووشەممە گەیشتە برۆکسل هەتا لەبارەی بڕیاری هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران (بەرجام) لەگەڵ وەزیرانی سێ وڵاتی ئەورووپی دانوستان بکات.
دۆنالد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا و چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا، ئیسرائیل و سعوودیە لەو باوەڕە دان کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی و پێشگیری لە هەوڵە پڕ مەترسییەکانی ئێران لە بواری ناوکی و مووشەکیدا، بۆیە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا بڕیاری هاتنە دەرەوە لەو ڕێککەتنەی دا.
باسنيوز
