تورکیا سێ رۆژ ماتەمی گشتی بۆ کوژراونی فەلەستینی راگەیەنێت
بەکر بۆزداغ، گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا رایگەیاندووە، لە رۆژی سێشەممە 15/5/2018ـەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ، ورکیا لە ماتەمی گشتیدا دەبێت و ئاڵاکانی ئەو وڵاتە تا نیوە دەهێنرێنە خوارەوە.
بەکر بۆزداغ هەروەها رایگەیاندووە، کە بەهۆی ئەو قوربانییانەی غەززەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی وڵاتەکەی لە هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن بانگهێشتی ئەنقەرە کردووە.
رۆژی دووشەممە 14/5/2018، هەزاران گەنج بە خۆپیشاندان و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل بەرەو تەلبەندی سنووریی ئیسرائیل چوون و هەوڵی شکاندنی تەلبەندی سنوورەکەیان دا و هێزە ئیسرائیلییەکانیش بە توندی وەڵامیان دانەوە.
ئەو خۆپیشاندان و پشێویانەی فەلەستینییەکان هاوکات بوو لەگەڵ یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم (قودس).
بەهۆی گرژییەکان و سووتاندنی ئەو هەموو تایەوە، زیاتر لە 58 فەلەستینی کوژران و زیاتر لە 2400 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی رۆژی 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و لە بڕیارەکەدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و رۆژی دووشەممە 14/5/2018، بە ئامادەبوونی ئیڤانکا ترەمپ، کچ و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، باڵیۆزخانەکە گوازرایەوە.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بووە هۆی ناڕەزایی توندی وڵاتانی عەرەبی و رایانگەیاند، کە ئۆرشەلیم پایتەختی فەلەستینە نەک ئیسرائیل.
ئیسرائیل وڵاتێکی جوولەکەنشینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسە. لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بە وڵاتانی لوبنان لە باکوور، سووریا، ئوردن و ئیدارەی فەلەستین لە رۆژهەڵات و میسر لە باشوور، دەورە دراوە.
وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین دامەزراوە و بە یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی خۆیانی هەژمار دەکەن.
باسنيوز
