کوردێک بە فەرمی وەک کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا قبوڵ کرا
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)، چوار پیاو و ژنێک رکابەریی رەجەب تەییب ئەردۆغان، کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار دەکەن، بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری تورکیا.
بڕیارە رۆژی 24/6/2018 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجام بدرێت.
رۆژی یەکشەممە 13/5/2018، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ناوی شەش کەسی وەک کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە، ئاشکرا کرد.
ناوی کاندیدەکان:
- رەجەب تەییب ئەردۆغان، ئاکەپە
- موحەڕڕەم ئینجە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
- خاتوو مەڕال ئاکشنەر، (پارتی باش)
- تەمەل کەڕەمەڵڵائۆغڵو، (پارتی سەعادەت)
- دۆغو پەرینچەک، (پارتی نیشتیمان)
- سەڵاحەدین دەمیرتاش، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)
بە فەرمی کاندیدبوونی سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە سەرکردەیەکی ناوداری باکووری کوردستان، لە کاتێک دایە، کە لە رۆژی 4/11/2016ـەوە بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سووکایەتیکردن بە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستگیر کراوە و لە زیندانی شاری ئێدیرنە لە باکووری رۆژئاوای تورکیاوە زیندانی کراوە.
باسنيوز
