ئەنجامی نافەرمی دەنگدانی تایبەتی هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق بڵاودەکرێتەوە
رێکخراوی تەمموز بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکانی دەنگدانی تایبەتی لە هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هاوپەیمانێتی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای بەغدا بە بەدەستهێنانی رێژەی 17%ی دەنگەکان و لە هەردوو پارێزگای بەسرە و نەجەفیش بە بەدەستهێنانی رێژەی 28%ی دەنگەکان لە پێش لیستەکانی دیکەوە دێت.
رێکخراوی تەمموز ئاماژە بەوەشدەکات، هاوپەیمانێتی فەتحیش بە سەرۆکایەتی هادی عامری 28%ی دەنگەکانی پارێزگای واست و 27%ی دەنگەکانی پارێزگای میسانی بەدەستهێناوە و لەو دوو پارێزگایە پێش لیستەکانی دیکە کەوتووە.
بە گوێرەی زانیاریە بڵاوکراوەکان، هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاساش بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە پارێزگاکانی کەربەلا و دیوانیە بە کۆکردنەوەی 35% و 30% دەنگەکان لە پلەی یەکەم دێت.
رێکخراوی تەمموز دەڵێت، هاوپەیمانێتی حیکمەش بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم لە پارێزگاکانی زیقار و بابل و موسەننا پلەی یەکەمی گرتووە و پێش لیستەکانی دیکە کەوتووە.
رووداو
