ئیسرائیل: هه‌ر هێرشێك له سووریاوه بكرێته سه‌رمان واتا كۆتاییهاتنی ئه‌سه‌د
یۆڤال شتاینتس، وه‌زیری وزه و سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی ئیسرائیل, بۆ رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرانوتی ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا، به‌رده‌وام بێت له رێگه‌دان به ئێران له سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یه‌وه هێرش بكاته سه‌ر ئیسرائیل "له‌ناوی ده‌به‌ین".
وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم بڵاویكردووه‌ته‌وه، شتاينتس روونيده‌كاته‌وه، ئه‌سه‌د ده‌توانێت رێگه‌بدات، یان رێگه بگرێت له‌وه‌ی له‌سه‌ر خاكی سووریا هێرش بكرێته سه‌ر ئیسرائیل و گوتی: "ده‌توانێت رێگه به‌وان (ئێران) نه‌دات، مووشه‌كه‌كانی بهێنیته ئه‌و وڵاته‌وه، ئه‌گه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌دانه، پێویسته بزانێت ده‌بێت باجی خۆی بدات".
ئه‌و وه‌زیره، كه ئه‌ندامی حكوومه‌تی ئه‌منی بچووكراوه‌ی ئیسرائیله گوتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د رێگه‌به‌وه‌دات، خاكی وڵاته‌كه‌ی ببێته بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له دژی ئێمه و له‌ناو سووریاوه لێمان بدرێت، پێویسته بزانێت كه ئه‌و كاره ده‌بێته هۆی كۆتاییهاتنی".
شتاينتس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاره رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو، هه‌ریه‌ك له بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆكی وه‌زیرانی ئیسرایل و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا كۆببنه‌وه و باس له به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و دژه‌كان بكه‌ن، كه هه‌ریه‌كه له ته‌لئه‌ڤیڤ و مۆسكۆ له ناو سووریا هه‌یانه.
شتاينتس دووپاتیشی كرده‌وه، پێویسته هه‌مووان له‌وه تێبگه‌ن، ئیسرائیل هێڵی سووری هه‌یه و گوتی: "ئه‌گه‌ر لایه‌نێك هه‌یه و مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌دی له‌لا گرنگه، با پێی بڵێت رێگری له ئاراسته‌ی مووشه‌كه‌كان بكات له ناو خاكی وڵاته‌كه‌یه‌وه له دژی ئیسرائیل".
ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسرائیل به گشتی و ئه‌و وه‌زیره نییه به تایبه‌ت، مانگی رابردووش شتاینتس هه‌ڕه‌شه‌ی "مه‌رگی"ی له ئه‌سه‌د كرد، ئه‌گه‌ر بێت و رێگه بدات له خاكی وڵاتكه‌یه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر ئیسرائیل.
K24
