وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەست لەکار دەکێشێتەوە
میدیا بەریتانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 29/4/2018 ئەمبەر رود، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
دەست لەکارکێشانەوەی ئەمبەر رود دوای ئەوە دێت، کە دانی بەوەدا ناوە ”بەبێ هی مەبەستێک“ زانیاریی هەڵەی لەبارەی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکانیان، داوەتە پەرلەمان.
پێشتر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندبوو، هیچ ژمارەیەکی پەنابەرانیان لا نییە، کە بە نیاز بن بیاننێرنەوە وڵاتەکانیان، بەڵام دواتر دەرکەوت ژمارەیەک پەنابەری ناردووەتەوە و لە پەرلەمان داوای دەست لەکارکێشانەوەی لێ کرا.
ئەمبەر رود لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی، کە بۆ تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ناردووە، رایگەیاندووە، ”وا پێویست دەکات دەست لەکار بکێشمەوە، دەبوایە ژمارەی تەواو بدەمە لێژنەی ناوخۆی پەرلەمان، بەڵام بەبێ هیچ مەبەستێک ئەو زانیارییەم نەدا، بگرە من ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووم“.
باسنیوز
