کۆنگرەیەک بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر ساز دەکرێت لە پاریس

 کۆنگرەیەک بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر ساز دەکرێت  لە پاریس
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بە چاودێریی سەرۆکی ئەو وڵاتە، کۆنگرەیەک بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆری هەردوو رێکخراوی توندڕەوەی داعش و قاعیدە، ساز دەکرێت.



بەپێی هەواڵی میدیا فەرەنسییەکان، ئەو کۆنگرەیە بە دەستپێشخەریی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە ساز دەکرێت و رۆژانی چوارشەممە 25/4/2018 و پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.



سەرچاوەکان لە کۆشکی ئێلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) باسیان لەوە کردووە، کە سەرەرای شکستە بەردەوامەکانی داعش و قاعیدە لە عێراق و سووریا، بەڵام مەترسییەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو دوو رێکخراوە هێشتا ماوە.



حکوومەتی فەرەنسا بانگهێشتنامەی بۆ 70 دەوڵەتی جیهان ناردووە بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەکە، کە لە نێویاندا هەموو وڵاتانی عەرەبی جگە لە سووریا هەن و ئێرانیش بانگهێشت نەکراوە.



لە کۆنگرەکەدا تاوتوێی چۆنێتیی بنبڕکردن و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر دەکرێت و بە گەڵاڵەنامەی پاریس“ کۆتایی بە کۆنگرەکە دێت، کە تێیدا هەموو وڵاتانی ئەندام لە کۆنگرەکە بەڵێنی توندترکردنی رێکارەکانی گواستنەوەی پارە و شەفافیەتی زیاتر لە دەزگا خێرخوازییەکان دەدەن.



باسنیوز
Top