ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەنووسێک
ئێف بی ئای رایگەیاندووە، ئەو خەڵاتە بۆ هەر کەسێکە، کە زانیاریی لەبارەی شوێنی ئۆستن تایس، رۆژنامەنووسی ئەمریکی بدات و زانیارییەکە ببێتە هۆی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتەکەی.
ئۆستن تایس، کە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی رۆژنامەوانی لەبارەی رەوشی سووریا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، لە رۆژی 14/8/2012 لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا رفێندراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییەوە نییە.
تایس، کە لە ساڵی 1981 لەدایک بووە، وەک رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لەگەڵ رۆژنامەکانی مەکڵاچی نیوز و واشنتن پۆست، کەناڵەکانی سی بی ئێس و بی بی سی و ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ئەسۆشێیتد پرێس کاری کردووە.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
