ئێران بەکارهێنانی تەلەگرامی لە هەموو دامودەزگا فەرمییەکان قەدەغە کرد

  ئێران بەکارهێنانی تەلەگرامی لە هەموو دامودەزگا فەرمییەکان قەدەغە کرد
هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی هەوڵەکان بۆ داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تەلەگرام) لە ئێران، نووسینگەی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چالاکییەکانی خۆی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ڕاگرت.

کەناڵی تەلەگرامی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئەندامی هەبوو، ئاشکرای کرد "بۆ لابردنی بەربەستی ناردنی پەیامی تەلەگرام" و پشتیوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان، لەمەودوا تەلەگرام دادەخات و تۆڕە کۆمەڵایتییە ناوخۆییەکانی وەک" گەپ و ئای گەپ و سرووش" بەکار دەهێنێت".

ماوەی یەک ساڵ زیاترە دامودەزگا ئەمنی و سەربازی و دادوەرییەکانی ئێران گوشارێکی زۆریان بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تەلەگرام) هێناوە کە نابێ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەکار بهێنن، چونکە بووەتە هۆی پەرەدان بە ناڕەزاییەکان و ئاسایشی نیشتمانیی خستووەتە مەترسییەوە".

ئێران چەندین جار داوای لە بەڕێوەبەرانی تەلەگرام کرد کە زانیاریی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە بدەنە دەزگا ئەمنییەکان، بەڵام بەرپرسانی تەلەگرام خۆیان لەو داخوازییەی ئێران بوارد و ئێرانیش چەندین جار هەوڵی داخستنی یەکجارەکیی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی دا، بەڵام سەرکەتوو نەبوو.

هاوکات ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆمار و نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی شارەزیانی ئێرانیش بەکارنەهێنانی تەلەگرامیان ڕاگەیاندووە، ئەم قەدەغەکردنە فەرمییەی تۆڕی کۆەمڵایەتیی تەلەگرام بۆ دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەت لە ئێران لە کاتێک دایە کە تەلەگرام لە نوێترین "وێرژێن"ی خۆیدا هاوکات لەگەڵ دابەزاندنی ئەپلێکەیشینی "فلتەرشکێن"ی داناوە و ئیدی پێویستی بە فلتەرشکێنی لاوەکی نابێت و ئەم پرسە بووەتە گرفتێک بۆ حکوومەتی ئێران و لە ڕۆژانی رابردوودا چەندین کەس بەهۆی بەکارهێنانی تەلەگرام و ڕادەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کراون.









باسنيوز
Top