ترامب و كیم جۆنگ ، گفتوگۆی راسته‌وخۆ ئه‌نجام نادەن
سارا سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "سه‌رۆك تره‌مپ رایگه‌یاندووه گفتوگۆی باڵا و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور ئه‌نجام ده‌درێت و خۆیشی به‌شداری له گفتوگۆكان ناكات".
تره‌مپ سێشه‌ممه‌ی رابردوو ئاشكرای كرد، وڵاته‌كه‌ی گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پیۆنگ یانگ ده‌بێت و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له‌سه‌ر ئاستی باڵا گفتوگۆی راسته‌وخۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، له‌سه‌ر ئاستی زۆر به‌رز له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور كۆده‌بینه‌وه، له داهاتوو ده‌بینن چی رووده‌دات، چونكه له كۆتاییدا ئه‌نجامه‌كه‌ی گرنگه، نه‌ك ته‌نها بیركردنه‌وه له ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك".
تره‌مپ، راشیگه‌یاندووه، به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا، پێنج شوێنییان بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆكان ده‌ستنیشانكردووه، له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێك له‌و پێنج شوێنه له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكان، تره‌مپ گوتی: "نه‌خێر".
له‌گه‌ڵ سووربوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پیۆنگ یانگ، به‌ڵام تره‌مپ شكستهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه‌شی نه‌شارده‌وه و گوتی: "ره‌نگه كاره‌كان به شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌نه‌چن و كۆبوونه‌وه نه‌كرێت، به‌ڵام له‌و هه‌وڵانه به‌رده‌وامین و له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌ی گرتوومانه‌ته به‌ر، به‌رده‌وام ده‌بین".
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێسایتی رووسیه‌لیه‌وم، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایان كردووه، مایك پۆمپیۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی سی ئای ئه‌ی، كه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌ستنیشان كراوه، به نهێنی سه‌ردانی كۆریای باكووری كردووه، له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون كۆبووه‌ته‌وه و باسیان له چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ش كردووه.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا روونیشیان كردووه‌ته‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پۆمپیۆ له‌گه‌ڵ كیم، تره‌مپ گه‌شبینه و هیوای به‌وه هه‌یه بگه‌نه ئه‌نجامێكی بنیاتنه‌ر له گفتوگۆكانی تایبه‌ت به به‌رنامه‌ی ناووكی و مووشه‌كییه‌كانی پیۆنگ یانگ.
به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ش، پۆمپیۆ، كه نزیكترین راوێژكاری تره‌مپه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به سه‌رۆكی راگه‌یاندووه، ده‌توانرێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوان سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی كۆریا باكوور ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تا ئێستا شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ستنیشان نه‌كراوه.
كاتێك له باره‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌وه، له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌و پرسیاره له سارا سانده‌رز كرا، له وه‌ڵامدا گوتی: "ئیداره‌ی كۆشكی سپی لێدوان له باره‌ی گه‌شته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری ناوه‌ندی (سی ئای ئه‌ی) نادات".
K24
