میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا هاووڵاتییان دەکەنە قەڵغانی مرۆیی
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، چالاکوانانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایانگەیاندووە، چەکدارانی میلیشیای رەزوانی سەر بە حزبوڵلای لوبنانی، کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئاسمانیی تەیفور لە گوندەوارەکانی حمس، کشاونەتەوە.
هەروەک ئەو چالاکوانانە رایانگەیاندووە، چەکدارانی میلیشیای رەزوان و میلیشیا ئێرانییەکان، کە پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکەن، بەرەو شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان لە گوندەوارەکانی دیمەشق چوون، بەمەبەستی خۆپاراستن و بەکارهێنانی هاووڵاتییان وەک قەڵغانی مرۆیی لە هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا.
پێشتریش رێکخراوی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی هۆشداریی دا کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لەوەی لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هێرشی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێویستە خۆیان لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بپارێزن.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
