ناوی ئەو مووشەکەی رژێمی سووریای پێ بۆردومان دەکرێ ئاشکرا دەکرێت
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "The National Interest"ی ئەمریکی، ئەگەر هەیە سوپای ئەو وڵاتە مووشەکەکانی جۆری تۆماهۆک و AGM-86 لە دژی بنکە و بارەگاکانی رژێمی سووریا، بەکار بهێنێت.
هەروەها مایک ئیزنچات، بەڕێوەبەری پرۆگرامی سەربازی لە پەیمانگای واشنتن بە ئاژانسە جیهانییەکانی راگەیاندووە، کە پێویستە سوپای ئەمریکا ئەو بنکە و بارەگایانەی رژێمی سووریا بکاتە ئامانج؛
- سوپای چوارەمی تۆپخانە
- گاردی کۆماری
- هێزی پڵینگ
- ئەو هێزە ئاسمانییانەی بەرمیلە بارووتەکانیانیان بەسەر هاووڵاتییاندا دەباراند
هەر بەمەبەستی زیاتر گوشارخستنە سەر رژێمی سووریا، سوپای ئەمریکا جووڵەی بە کەشتیگەلی سەربازیی (دۆناڵد کۆک) لە ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست کردووە، کە 100 کیلۆمەتر لە بەندەری تەرتوس دوورە و 56 مووشەکی تۆماهۆکیش لەخۆ دەگرێت.
پێشتر رێکخراوی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی هۆشداریی دا کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لەوەی لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هێرشی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێویستە خۆیان لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بپارێزن.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
