پوتین ئێران لە هێرشی ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە
رۆژی سێشەممە 10/4/2018، ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ، نێردەی تایبەتیی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
میدیا ئێرانییەکان ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ و عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیان بڵاو کردووەتەوە.
لەو گفتوگۆیانەدا، نێردەی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا، عەلی شەمخانی لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سووریا ئاگادار کردووەتەوە.
هەروەها محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بە سەردانێک لە بەرازیلە، رایگەیاندووە، ئەمریکا بەدوای بەهانەیەکدا دەگەڕێ بۆ چوونە ناو سووریا و ئێستاش ”بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دوما“ کردووەتە بەهانە.
رۆژی چوارشەممە 11/4/2018، رێکخراوی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی هۆشداریی دا کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لەوەی لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هێرشی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێویستە خۆیان لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بپارێزن.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
