ئەنجومەنی ئاسایش دوو کۆبوونەوەی بەپەلە لەبارەی سووریاوە ئەنجام دەدات
کۆبوونەوەی یەکەم کاتژمێر 10ـی شەوی دووشەممە 9/4/2018 لەسەر پێشنیازی رووسیا ئەنجام دەدرێت و کۆبوونەوەی دووەمیش دوای ئەو کۆبوونەوەیە، ئەنجام دەرێت.
نێردەی تایبەتیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا تاوتوێی پرسی ”هەڕەشەی سەر ئاسایشی جیهانی“ دەکرێت، کە تایبەتە بە کاردانەوەکانی دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سووریا.
پێشتر نێردەی هەمیشەیی بەریتانیا رایگەیاندبوو، کە نۆ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەکە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنیان کردووە، بۆ تاوتوێکرنی پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە، بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفور لە پارێزگای حمس لە سووریا و دوای هێرشە مووشەکییەکەش، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل هێرشە مووشەکییەکەیان ئەنجام داوە.
دوای کیمیابارانکردنی شاری دوما لە گوندەوارەکانی دیمەشق، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا ”ئاژەڵە“ و ”باجێکەی گەورە“ی ئەو کیمیابارانکردنە دەدات.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.
دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی (جەیشول ئیسلام)ی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
