محەمەد بن سەلمان و ماکرۆن داهاتووی سووریا تاوتوێ دەکەن
شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، کۆ دەبێتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا سعودییەکان، سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 8/4/2018، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دوای سەردانێکی فەرمی، ئەمریکای بەجێشت و رووی کردە فەرەنسا.
هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، محەمەد بن سەلمان و ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، تاوتوێی ”پرسە هاوبەشەکان“ دەکەن.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، تەوەرێکی کۆبوونەوەکەی محەمەد بن سەلمان و ئیمانوێڵ ماکرۆن رەوشی سووریا و ئەگەرەکانی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا، دەبێت.
دوای لێدوانی دۆناڵد ترەمپ، کە باسی لەوە کردبوو، ”بەم نزیکانە“ هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکێشێتەوە، سەرچاوە میدیاییەکان باسیان لەوە دەکرد، کە هێزەکانی فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، شوێنی هێزە ئەمریکییەکان دەگرنەوە.
سعودیە، کە لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە دژایەتیی خۆی بۆ رژێمی سووریا راگەیاندووە، پێی وایە نابێ هیزە ئەمریکییەکان سووریا بەجێ بهێڵن، چونکە دەبێتە هۆی ”زیادبوونی هەژموونی ئێران لە سووریا“.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
bas news-
