هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی میسر کۆتایی پێ دێت
هەڵبژاردنەکە رۆژی دووشەممە 26/3/2018 دەستی پێ کردووە و رۆژی سێشەممە و چوارشەممەش بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی رۆژی چوارشەممەدا، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکن دەکرێت.
دەستەی نیشتمانیی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، کە تا ئێستا پرۆسەی دەنگدان بەباشی بەڕێوە دەچێت و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردووە.
لە سەرانسەری میسردا، 13 هەزار و 687 بنکەی دەنگدان بەڕووی 59 ملیۆن دەنگدەری ئەو وڵاتەدا کراونەتەوە و 18 هەزار 678 دادوەریش سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکەن.
بڕیارە دەستەی نیشتمانیی هەڵبژاردنەکانی میسر رۆژی 2/4/2018 ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئاشکرا بکات.
لەو هەڵبژاردنەدا، موسا مستەفا موسای سەرۆکی پارتی ئەلغەد رکابەریی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئێستای میسر دەکات، هەرچەندە چاودێران پێیان وایە موسا رکابەرێکی بێهێزە و سەرکەوتنی سیسی مسۆگەرە.
عەبدولفەتاح سیسی، دوای ئەوەی بە دەسەڵاتی سوپا و بە کودەتایەک محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری میسری لە ساڵی 2014 وەلا نا، دەسەڵاتی میسری بەدەستەوە گرت و پاش چوار ساڵ جارێکی دیکە دەیەوێ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری مسیر بمێنێتەوە.
فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح سیسی، کە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی بوو، لە 3/7/2013، کودەتایەکی سەربازیی دژی محەمەد مورسی، سەرکردەی ئیخوان موسلیمین و سەرۆکی وڵاتەکەی ئەنجام دا و خۆی بوو بە سەرۆکی میسر.
دوای سەرکەوتنی کودەتاکە، سیسی رەوتی ئیخوان موسلیمینی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و محەمەد مورسی و ژمارەئەک سەرکردەی ئەو رەوتەشی خستە زیندان.
باسنیوز
