رووسیا 23 دیپلۆماتکاری بەریتانیا دەردەکات

 رووسیا 23 دیپلۆماتکاری بەریتانیا دەردەکات
حکوومەتی رووسیا بڕیاری دەرکردنی 23 دیپلۆماتکاری بەریتانیای لەسەر خاکی وڵاتەکەی دەردەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا رووسییەکان، رۆژی شەممە 17/3/2018، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لۆری بریستۆی باڵیۆزی بەریتانیای لە مۆسکۆ بانگهێشت کردووە بۆ پێڕاگەیاندنی بڕیاری حکوومەتی وڵاتەکەی.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاری داوە هاوشێوەی بەریتانیا، 23 دیپلۆماتکاری بەریتانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی دەربکات و ماوەی هەفتەیەکیشی مۆڵەت پێداون بۆ بەجێ هێشتنی رووسیا.

جگە لە بڕیاری دەرکردنی ئەو دیپلۆماتکارانە، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا مۆڵەتی کونسوڵخانەی بەریتانیای لە شاری پێترسبۆرگ لە رۆژئاوای وڵاتەکەی هەڵوەشاندنەوە، جگە لە راگرتنی چالاکییەکانی ئەنجومەنی رۆشنبیریی بەریتانی لە مۆسکۆ.

رۆژی چوارشەممە 14/3/2018، تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، رایگەیاند، 23 دیپلۆماتکاری رووسیا لە وڵاتەکەی دەردەکات و ”پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا سڕ دەکەین“.

ئەو هەنگاوی بەریتانیا بەهۆی کوشتنی سیرگی سکریپاڵ، سیخوڕی رووسییە، کە بۆ بەرژەوەندەیی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کاری کردووە و بەریتانیا رووسیا بە کوشتنی ئەو سیخوڕە تۆمەتبار دەکات و رووسیاش رەتی دەکاتەوە.

تێرێزا مەی هەروەها رایگەیاندبوو، کە ئینگلتەڕا بەشداریی جامی جیهانی (مۆندیال)ی 2018ـی رووسیا ناکات، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2018 ئەنجام بدرێت.

لە رۆژی 4/3/2018، تەرمی سێرگی سکریپاڵ، کە بۆ بەرژەوەندیی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کاری کردووە، لەگەڵ تەرمی کچەکەی بە ناوی یولیا (33 ساڵ)، لە باشووری بەریتانیا دۆزرایەوە.









باسنيوز
Top