نەسروڵڵا: سەرۆکە مەسیحییەکەمان نەوەی ئیمام عەلییە

 نەسروڵڵا: سەرۆکە مەسیحییەکەمان نەوەی ئیمام عەلییە
ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیەنێت، کە سەرۆکە مەسیحییەکەی وڵاتەکەی، یەکێکە لە نوەکانی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب.



ئاژانسی (فەردا نیوز)ی ئێرانی چەند لێدوانێکی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیاندا رایگەیاندووە، ئێران پشتگیریی شیعەکانی لوبنان دەکات و ئەگەر ئەو وڵاتەش نەبووایە، ئەوا شیعە لەناو دەچن.



حەسەن نەسروڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، پێش 100 ساڵ، زۆربەی شارەکانی لوبنان شیعە بوون، بەڵام زۆربەیان بوونە سوننەمەزهەب یان مەسیحی و گوتوویەتی، میشال عۆنی سەرۆک کۆماری لوبنانیش شیعە بووە و ”یەکێکە لە نەوەکانی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب“.



میشال عۆن، کە خەڵکی ناوچەی جزینە لە لوبنان، یەکێکە لە سەرکردە مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە و ئێستا سەرۆک کۆمارە. هاوپەیمانی حزبوڵڵای لوبنانییە. هەروەها شیعەمەزهەبەکانی جیهان ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب، خەلیفەی چوارەمی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) بە ئیمامی یەکەمی خۆیان دەزانن.



ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی پابەندیی رەهای حزبەکەی و شیعەکانی لوبنانی بە ویلایەتی فەقیه و بڕیارەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران راگەیاندووە و گوتوویەتی، ”جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ویلایەتی فەقیه لەپێشترین ئەرکەکانمانە“.



حەسەن نەسروڵڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە میلیشیاکەی لە شەڕی ناوخۆیی سووریا کار بۆ بڵاوکردنەوەی شیعەگەرایی دەکات نەک بەرگریکردن لە رژێمی سووریا، ”شەڕ بۆشیعەگەرایی دەکەین نەک بۆ بەشار ئەسەد“.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، حزبوڵڵای لوبنانی بە ناردنی چەک و چەکدار، هاوکاریی رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.






باسنیوز
Top