ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وەڵامی دەستپێشخەریی رووسیا دەداتەوە
رۆژی چوارشەممە 7/3/2018، هەمزە بەیرەقدار، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی چەکداریی (سوپای ئیسلام) رایگەیاندووە، هیچ گفتوگۆ و دانوستاندنێک بۆ چوونە دەرەوەی چەکدارانی گرووپەکەی لە غوتەی رۆژهەڵات لە گوندەوارەکانی دیمەشق، لە ئارادا نییە.
هەروەک میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردووەتەوە، هەمزە بەیرەقدار رایگەیاندووە، کە چەکدارەکانیان بەهیچ شێوەیەک ناوچەکە رادەستی سوپای رژێمی سووریا و سوپای رووسیا ناکەنەوە و خۆیان بەدەستەوە نادەن.
رۆژی سێشەممە 6/3/2018، سوپای رووسیا رایگەیاند، کە دەستپێشخەرییەکی خستووەتە بەردەم گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە غوتە بۆ ”دەرچوونیان بە سەلامەتی“، بەرامبەر رادەستکردنەوەی ناوچەکە بە رژێمی سووریا.
رۆژی دووشەممەی رابردوو دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە چوونە دەرەوەیان، هێزەکانی رژێمی سووریا دەستیان بەسەر بەشێکی غوتەی رۆژهەڵاتدا گرتەوە.
غوتە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای رژێم و هاوپەیمانەکانیشی، سەرەڕای سەدان هێرش، نەیانتوانیوە ئەو ناوچەیە بە تەواوی کۆنتڕۆل بکەنەوە.
هاووڵاتییانی مەدەنیی غوتە نزیکەی حەوت ساڵە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەهۆی گەمارۆی هێزەکانی رژێمی سووریا و شەڕ و ململانێی چەکدارەکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
