سوپای رژێمی سووریا دەست بەسەر بەشێکی غوتەدا دەگرێتەوە
بەپێی هەواڵی میدیاکانی سەر بە رژێمی سووریا، هێزەکانی ئەو رژێمە چوونەتەوە ناو نزیکەی %36 ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات.
هەروەها میدیا رووسییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رەزامەندییان نیشان داوە رێگا بە هاووڵاتییانی مەدەنی بدەن لە ناوچەکە بچنە دەرەوە، بەرامبەر ناردنی خواردن و هاوکاریی مرۆیی بۆ چەکدارەکانیان.
غوتە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای رژێم و هاوپەیمانەکانیشی، سەرەڕای سەدان هێرش، نەیانتوانیوە ئەو ناوچەیە بە تەواوی کۆنتڕۆل بکەنەوە.
هاووڵاتییانی مەدەنیی غوتە نزیکەی هەشت ساڵە ل بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەهۆی گەمارۆی هێزەکانی رژێمی سووریا و شەڕ و ململانێی چەکدارەکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
