باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە دادەخرێت

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە دادەخرێت
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئامۆژگاری هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردووە لە توركیا، دوور بكەونەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و بارەگاكانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە توركیا و "ئاگاداری ئاسایشی خۆیان بن كاتێك سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن".

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، لەراگەیەندراوێكدا باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا ئاماژەی بەوەكردووە، "سبەی دووشەممە هەموو چاوپێكەوتن و كاروبار و خزمەتگوزارییەكانی رادەگیرێت، تا ئەوكاتە خۆیان ئاگادارییەك بڵاودەكەنەوە".

هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریكی كردووە، "دوور بكەونەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و بارەگاكانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە توركیا، ئاگاداری ئاسایشی خۆیان بن كاتێك سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن".

هاوكات نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری ئەنقەرە رایگەیاندووە، "رێوشوێنی ئاسایشی زیاتر گیراوەتەبەر دوای ئەوەی لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە زانیاریان پێدراوە، كە لەوانەیە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا یان ئەو شوێنانەی كە هاوڵاتیانی ئەمەریكی سەردانی دەكەن ببێتە ئامانجی هێرش".



خەندان-
Top