ئه‌ردۆگان وه‌زیری ناوه‌خۆی توركیای په‌شیمان كرده‌وه
ئه‌حمه‌د تاكان نووسه‌ری دیاری توركیا، له نووسینێكدا كه ئه‌مڕۆ چوارشەممە له رۆژنامه‌ی (یه‌نی چاغ)ی توركی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئاشكرای ده‌كات ئه‌ردۆگان په‌یوه‌ندی به سۆیلوه‌وه كردووه و پێی گوتووه كێ تۆی كردووه به وه‌زیر؟
به‌رات ئالبه‌یراك كه زاوای ئه‌ردۆگانه و له هه‌مان كاتدا وه‌زیری وزه‌ی توركیاشه، نێوانی له‌گه‌ڵ سۆیلو تێكچووه و ئالبه‌یراك هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات تا له پۆسته‌كه‌ی دووری بخاته‌وه، به‌ڵام ئه‌حمه‌د تاكان ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌ردۆگان به قسه‌ی زاواكه‌ی نه‌كردووه و ئه‌م په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنیه‌ی له‌گه‌ڵ سۆیلو ئه‌نجام داوه:
ئه‌ردۆگان: ئه‌م پۆسته‌ی ئێستەت به‌رات ئالبه‌یراك پێیداوی و تۆی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و كورسییه؟
سۆیلو: نه‌خێر به‌ڕێزم تۆ منت هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و كورسییه.
ئه‌ردۆگان: باشه كێ بڕیار ده‌دات كه تۆ له وه‌زیری بمێنیته‌وه یان نه‌مێنیته‌وه؟
سۆیلو: تۆ به‌ڕێزم.
ئه‌ردۆگان: باشه ئێمه به یه‌كه‌وه زۆر ئیش ماوه بیكه‌ین و رێگایه‌كی زۆرمان له پێشه، بۆیه بیر له ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه مه‌كه‌وە.
سۆیلو: تۆ ئه‌مر ده‌كه‌ی به‌ڕێزم.
باسنيوز
