میدیاکان: سووریا جارێکی دیکە غازی ژەهراوی بەکار هێناوە
تۆڕی میدیایی (بیبیسی) لەزاری بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیەی غووتەی ڕۆژهەڵاتەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە پاش تەقینەوەیەک، هەموو بەڵگە و شایەتعاڵەکان باس لەوە دەکەن کە غازی (کۆلر) بەەرز بووەتەوە و خەڵک تووشی گرفتی هەناسە دان بوون.
بەپێی هەمان سەرچاوە، 18 کەس تووشی گرفت بوون و خراونەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە و منداڵێکیش بەو بۆنەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتێک دان کە حکوومەتی سووریا دیسان حاشای لە هەرچەشنە هێرشێکی کیمیایی لەو ناوچەیە کردووە.
شەڕ و پێکدادانەکان لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق، سەرەڕای بڕیای ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەستی یەک مانگە لە سووریا و بەتایبەت لەو ناوچەیە، هێشتا بەردەوامە.
بەپێی ئامار و داتاکان لە ماوەی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە غووتەی ڕۆژهەڵات لە نێوان هێزەکانی سوپای سووریا و ئۆپۆزیسیۆن هەتا ئێستا زیاتر لە 500 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.
ئەنجومەنی ئاسایش پاش چەند ڕۆژ مشتومڕ، سەرەنجام ڕۆژی شەممە 2018/2/24 بە کۆی دەنگ بڕیارنامەی ئاگربەستی 30 ڕۆژەی لە سووریا پەسەند کرد.
باسنيوز
