پووتین بە تەلەفۆن ئاگربەستی سووریا لەگەڵ مێرکڵ و ماکرۆن تاوتوێدەکات
سەرۆکایەتیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا پرسی سووریای تاوتوێکردووە.
کۆشکی کریملن دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە رەوشی ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات لە نزیک دیمەشق و گەرەنتیکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سەرجەم ناوچەکانی سووریای باسکراون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی کریملن، هەرسێ لایەن هاودەنگی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2401ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربڕیووە و جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە تەواوەتی و بەخێراترین کات، کردووەتەوە.
رۆژی شەممە 24-2-2018، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارەی 2401ی پەسندکرد و تێیدا داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕی بۆ ماوەی 30 رۆژ لە تەواوی سووریا کرد، بۆ ئەوەی هاوکاری بگەیێندرێتە غوتەی رۆژهەڵات، لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆی هێزەکانی حکومەتی سووریا لەسەر ناوچەی غووتەی رۆژهەڵات کرد.
ruadw -
