بەرپرسێکی باڵای ئێران: بەرپرسانی دادوەری بەتەمای سزادانی ئەحمەدینەژادن
محەمەدڕەزا باهونەر، دوێنێ شەممە 2018/2/24 ڕای گەیاندووە: "بەرپرسانی باڵای دەزگای دادوەریی ئێران لەو باوەڕە دان ئەحمەدینەژاد بە ڕادەی پێویست تووشی تاوان بووە، بەڵام دەبێ بارودۆخ بۆ سزادانی ئامادە بکرێت".
باهونەر ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەڵسوکەوتەکانی ئەحمەدینەژاد خەریکە توندتر دەبێت، ئەم ڕەفتارانە سەرەتا ڕوویان لە هەندێ بەرپرسانی باڵای دەزگای دادوەری بوو، بەڵام ئێستا سەرلەبەری سیستەمی دەسەڵاتی گرتووەتەوە".
ئاماژەی بە ڕەخنەی ئەحمەدینەژاد لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و نامەی ئەمدوایانەی بۆ خامنەیی کە تێیدا داوای کردووە سەرۆکی دەزگای دادوەری "لاببرێت و دەستبەجێ هەڵبژاردنی ئازاد و ڕاپرسی لە ئێران" بکرێت بەبێ ئەوەی "دامەزراوە ئەمنی"یەکان و "ئەنجومەنی شارەزایان" دەستیوەردانی تێدا بکەن.
مەحموود ئەحمەدینەژاد کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرکۆماری ئێران بوو، ماوەی دوو ساڵە بووەتە یەکێک لە ڕەخنەگرانی حکوومەتی ئێران و بەهۆی داداگایی کردنی چەند کەس لە نزیکەکانی، ڕەخنەی توندی لە دەزگای دادوەریی گرتووە و بە کوشتنی خەڵک تۆمەتباری کردوون.
ئەم ڕەخنانەی ئەحمەدینەژاد لە کاتێک دان کە ڕەخنەگرانی ئێران و سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لەو باوەرە دان لە ماوەی هەشت ساڵەی سەرکۆماریی ئەودا لە ئێران زیاترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤ کراوە و زیاترین بەندکراو لە گرتووخانەکان لە سێدارە دراون.
باسنیوز
