وەزیری دەرەوەی تورکیا مەرجی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا ئاشکرا دەکات

 وەزیری دەرەوەی تورکیا مەرجی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا ئاشکرا دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەرجی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ئاشکرا دەکات.



مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ویلایەتی ئەنتاڵیای وڵاتەکەیدا رایگەیاندووە، ئەو وڵاتانەی ”تیرۆر دەپارێزن“، هاوشێوەی ئەو رێکخراوانە، تیرۆریستین.



مەولود چاویشئۆغڵو هەروەها رایگەیاندووە، ”ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بێ لەگەڵ تورکیا“، ئەوا حکوومەتەکەی ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن ئاسایی بکاتەوە.



وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات، کە بە ئەنقەرەی داوە لەبارەی پشتگیرینەکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهێنەری سەرەکییەتی.



تورکیا هەسەدە و یەپەگە بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دادەنێت و وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی سەیریان دەکات.



هەسەدە بە پشتگیریی راستەوخۆی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان دروست کراوە، کە ئەو ناوچانە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیر کرابوون.





باسنیوز
Top