ئاگربه‌ستی سوریا ئه‌مڕۆ له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه
ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه بریاره‌كه كه له‌لایه‌ن وڵاتانی كوه‌یت و سوید، پێشكه‌شكرابوو، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو چه‌ند جارێك دواخراو پێده‌چێت ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له‌كاتژمێر 8:00 به‌كاتی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پرۆژه بریاره بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
لای خۆیه‌وه، روسیا داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه ده‌كات، كه تێیدا باس له ئاگربه‌ست ده‌كات بۆ ماوه‌ی 30رۆژ له‌سوریا، به ئامانجی گه‌یاندنی هاوكاری خۆراك و ته‌ندروستی بۆ ناوچه زیان به‌ركه‌وتووه‌كان و گواستنه‌وه‌ی برینداران له‌ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات نزیك له‌دیمه‌شق.
هه‌ر یه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا، داوای به‌په‌له‌ی ده‌نگدان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پرۆژه بریاره‌كه و ستیڤان دیمستورا، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆسوریا رایگه‌یاند كه هه‌ر بریارێك له باره‌ی ئاگربه‌ست ده‌بێت ئازادی چوونه ناو غوته‌ی رۆژهه‌ڵات له خۆ بگرێت.
له ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه شه‌ڕ و پێكدادانی سه‌خت له‌نێوان گروپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وامه و نزیكه‌ی 462 كه‌س كوژراون به پێی بی بی سی.
خه‌ندان
