نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی عەفرینەوە داوایەک ئاراستەی تورکیا دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی عەفرینەوە داوایەک ئاراستەی تورکیا دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، داوایەک ئاراستەی تورکیا دەکات.



ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاندووە، تا شەڕ لە عەفرین بەردەوام بێت، نەتەوە یەکگرتووەکان ”کەمتر“ دەتوانێ دەستی یارمەتی بۆ خەڵکی شارەکە درێژ بکات.



ستیڤان دووجاریک بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوای لە تورکیا کرد هێرش و شەڕ لە دژی عەفرین رابگرێت و کۆتایی بە لەشکرکێشی بۆ سەر ئەو شارە بهێنێت.



ئەو داوایەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێک دایە، کە رۆژی سێشەممە 20/2/2018، لەسەر داوای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، رژێمی سووریا هێز و میلیشیاکانی خۆی ناردووەتەوە شارەکە.



ئەو هەوڵانەی یەپەگە لەکاتێک دایە، لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، رژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرتووە.



باسنیوز
Top