ژمارەی قوربانییانی بۆردومانێکی رژێمی سووریا بەرز دەبێتەوە
لە بەرەبەیانی رۆژیت دووشەممە 19/2/2018دا، فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی رژێمی سووریا بەچڕی غوتەی رۆژهەڵاتیان بۆردومان کرد.
بەپێی راگەیەندراوی رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی قوربانییای مەدەنیی ئەو بۆردومان و تۆپبارانەی رژێمی سووریا بۆ ئەو ناوچەیە بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 77 کوژراو، کە 20یان منداڵن، جگە لە برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە.
لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی ناوخۆییەوە، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریا دەستیان بەسەر غوتەی رۆژهەڵاتدا گرتووە و هاووڵاتییان کەوتوونەتە ناو بەرداشی ئەو گرووپە توندڕەوانە و شەبیحەکانی رژێمی سووریا.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
