ئوردن داوای عێراق بۆ رادەستکردنەوەی کچەکەی سەددام حوسێن پشتگوێ دەخات
رۆژنامەی (رەئی ئەلیەوم)ی ئوردنی لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومەتی ئوردنەوە بڵاوی کردووەتەوە، عێراق چەند جارێک داوای رادەستکردنەوەی رەغدی کچی سەددام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی لە ئوردن کردووە.
هەروەک ئەو سەرچاوەیە باسی کردووە، حکوومەتی ئوردن هەموو داوایەکانی عێراقی بۆ رادەستکردنەوەی رەغد سەدام حوسێنی پشتگوێ خستووە، چونکە رەغد ”میوانی ئوردنە و پەیوەندیی هیچ چالاکییەکی سیاسی لە عێراق و دەرەوەی عێراق نییە“.
لە سەرەتای مانگی 2ـی 2018، حکوومەتی عێراق لیستێکی داواکراوانی بڵاو کردەوە و ناوی رەغدی کچ سەددام حوسێنیش لەناو لیستەکەدا بوو.
ئەگەرچی دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، رەغد و زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەکەی روویان لە ئوردن کرد، بەڵام بەم دواییانە هیچ سەرچاوەیەک مانەوەی ئەو ژنە لە ئوردن پشتڕاست ناکەنەوە و بەشێک لە سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن، کە ئێستا لە ئیمارات دەژی.
باسنيوز
